بۆ ناوەڕۆک بازبدە

زانست

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەی نیشانەی زانست
زانست مرۆڤی گەیاندە سەر گۆی مانگ. لە ٢١ی جوولایی ١٩٦٩دا نیڵ ئارمسترانگ و باز ئاڵدرین بە ئاپۆلۆ ١١ گەیشتنە سەر مانگ. پێکەوە پیاسەیانکرد و نموونەیان کۆکردەوە و وێنەیان کێشا. ئەم وێنەیە نیڵ ئارمسترانگ کێشاوییە لە باز ئاڵدرین کە پشتی لێمان کردووە.

زانست، پێکھاتەیەکە بۆ بەرھەمھێنان و ڕێکخستنی زانیاری لەسەر جیھانی سروشت، بەشێوەی ڕاڤە، لێکدانەوە و پێشبینی ئەزموون لەبار. ئەرەستوو زانیاری زانستی بە کۆمەڵێک زانیاری دڵنیا و خاترجەم دەزانی کە لە باری ژیری و عەقڵانیدا لە وتن بێن.

لە سەردەمی کلاسیکدا، زانست پەیوەندی زۆرنزیکی لەگەڵ فەلسەفەدا ھەبوو. لە سەرەتاکانی سەردەمی نوێشدا ئەم دوو وشە زۆر لەجێی یەک بەکاردەچوون، لە چاخی ١٧ زایینیدا، فەلسەفەی سروشتی (ھەمان زانستی سروشتی ئەمڕۆ) خۆی لە فەلسەفە ھەڵبوارد. سەرەڕای ھەموو ئەمانە، زانست بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەرکی لێکدانەوەی ھەموو زانیارییەدڵنیاکانی لەئەستۆگرت، بەڵام ھێشتاش بۆ بابەتی وەک زانستی پەرتووکداری و زانستی سیاسی ڕەنگدانەوەی جیاوازی ھەیە.

لە سەردەمی مودێرندا زانست واتە: زانستی سروشتی و فیزیکی، کەوابوو دەپەرژێتە سەر ئەو لقە فێرکارییانەی لەسەر دیاردەکانی دنیای مادی و یاساکانی دەکۆڵێتەوە.

لە گشتگرترین ڕاستێنەی خۆیدا، ھەر جۆرە کردە و ڕاھێنانێکی ڕێکخراوی لەسەر زانین بنەڕەتنراو یان شیاوی نواندنە کە دەتوانێت سەرچاوکەی چەشنێک ئاکام یان دەرھاتی شیاوی پێشبینیکردن بێت. لەم ڕاستێنەیەدا، زانست دەکرێت ئاماژەیەک بێت بە کردە یان ڕێکارێکی زۆر شارەزایانە.[١] لە ڕاستێنەی بەرتەسکتری ھاوچەرخیدا، زانست ڕێکخستنێکە بۆ بەدەستھێنانی زانین لەسەر بنچینەی پێڕەوی زانستی.[٢]

ئەم وتارە لەسەر واتای بەرتەسکتری وشەکە ورددەبێتەوە. زانست بەو شێوەیە کە لەم وتارەدا قسەی لێدەکرێت ھەندێجار پێی دەوترێت زانستی ئەزموونی؛ ئەمە بۆ جیاکردنەوەیە لەگەڵ زانستی بەکاربراو کە بەکاربەریی لێکۆڵینەوەی زانستییە لە بڕێک پێداویستییەکانی مرۆڤدا - ھەرچەن ئەم دووە زۆرجاران پێکەوە گرێدراون.

زانست تێکۆشانێکی بەردەوامە بۆ دۆزینەوە و زۆرکردنی تێگەیشتن و زانینی مرۆڤ لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی یاسامەندەوە. بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازگەلی دەستبەسەرداگیراو، زانستمەندان، بەڵگەی شیاوی ڕوانین بۆ دیاردە سروشتییەکان و کۆمەڵایەتییەکان کۆدەکەنەوە، دراوەگەلی شیاوی پێواندنی گرێدراوی ڕوانینەکان تۆماردەکەن، زانیارییەکان شیدەکەنەوە، ئەوکات سەبارەت بە چۆنییەتیی کارکردنی شتەکان ڕاڤەی بیردۆزی ئاوادەکەن. پێڕەوەکانی کۆڵینەوەی زانستی ئەم دوو قۆناغە لەبەردەگرن:

  1. پێکھێنانی گریمانەکان سەبارەت بە چۆنییەتیی کاری دیاردەکە و پاشان
  2. تاقیکردنەوە، کە ئەم گریمانەگەلە لەژێر ھەلومەرجی دەستبەسەرداگیراودا ھەڵدەسەنگێنێت.

ھەروەھا، زانستمەندان، لێیان چاوەڕواندەکرێت کە زانیارییەکانیان بڵاوبکەنەوە تاکوو زانستمەندانی دیکە بتوانن بۆ دووبارە پشکنینی دەرەنجامەکانی ئەوان تاقیکردنەوەی ھاوشێوە بکەن. لە ئاکامەکانی ئەم ڕەوتە توانای تێگەیشتنی باشتر لە ڕووداوەکانی ڕابردوو و ھەروەھا پێشبینیکردنی باشتری ڕووداوەکانی داھاتووی ھاوچەشنە.

وێنەی زانایانی فیزیا لە ئەنجومەنی پادشایی لە لەندەن ساڵی (١٩٥٢)

دابەشاندنی بنەڕەتی

[دەستکاری]

باوە کە گۆڕەپانەکانی زانست دابەشبکرێن بە دوو کۆمەڵەی سەرەکییەوە:

  1. زانستە سروشتییەکان، کە لە دیاردەکانی سروشت دەکۆڵنەوە،
  2. زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کە لە ئاکاری مرۆڤ و لە کۆمەڵگا دەکۆڵنەوە.

ئەم دووە پێیان دەوترێت زانستە ئەزموونییەکان. وشەی ئەزموونی واتە زانین دەشێت بنەڕەتی لەسەر دیاردەی شیاوی ڕوانین و شیاوی تاقیبوونەوە بێت تاکوو بکرێت لەلایەن لێکۆڵەرانی ترەوە دروستییەکەی بسەلمێندرێت.[٢]

ھەروەھا لقی تری زانستگاییش ھەیە کە دەکەوێتە ناو زانستە بەکاربراوەکانەوە، وەکوو ئەندازیاری.

لە ناو ئەم پۆلانەدا، گۆڕەپانی زانستیی پسپۆرانەی وا ھەیە کە دەتوانێت ھەندێک لە توخمەکانی گۆڕەپانە زانستییەکانی تر لەخۆبگرێت؛ ھەرچەندە ئەوانە زۆرتر زاراوە و کۆمەڵە شارەزایییەکانی تایبەتی خۆیانیان ھەیە.

بیرکاری کە دەکەوێتە ناو زانستە شێوەیییەکانەوە، ھەم لە زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان دەچێت و ھەم ژی جیاوازیی ھەیە لەگەڵیاندا. لەیەکچوونیان لەوەدایە کە ھەردووکیان توێژینەوەیەکی ورد و ڕاستەقینە و ڕێکخراوی بەرینایییەک لە مەعریفەت تێوەدەگلێنن و جیاوازیشیان لە شێوازی سەلماندنی مەعریفەتە بەدەستھاتووەکەدایە.[٢][٣]

زانستە شێوەیییەکان، کە ھەروەھا ئامار و لۆژیک لەوانەن، بۆ زانستە ئەزموونییەکان زۆر گرنگ و بنچینەن. پێشکەوتنی گەورە لە زانستە شێوەیییەکاندا دەبێتە ھۆی پێشکەوتنی گەورە لە زانستە ئەزموونییەکاندا. زانستە شێوەیییەکان بۆ شێوەدان بە گریمانەکان، بیردۆزەکان و یاساکان زۆر پێویستن؛ ھەم لە دۆزینەوە و ھەم ژی لە شرۆڤەکردنی ئەوەی کە شتەکان چۆن کاردەکەن (زانستە سروشتییەکان) و خەڵک چۆن بیردەکەنەوە و چۆن ھەڵسوکەوتدەکەن (زانستە کۆمەڵایەتییەکان).

مێژووی زانست

[دەستکاری]

ئەگەرچی تۆژینەوەی ئەزموونی لە جیھانی سروشتی لە ڕۆژگارانی کۆنەوە قسەی لێ کراوە و پێڕەوە زانستییەکان لە سەدەکانی ناوین بەم لاوە بەکارھێنراون، بەڵام بەرەبەیانی زانستی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەردەمی نوێ لەدرێژەی ئەو شتە کە بە شۆڕشی زانستیی سەدەکانی ١٦ھەم١٧ و ١٧ھەم ناسراوە.[٤]

پێش دەستپێکی سەدەی ١٨ھەم، زاراوەی باو بۆ ئاماژە بە لێکۆڵینەوەی سروشت فەلسەفەی سروشتی بوو. ئاخێوەرانی ئینگلیزی بە گۆڕەپانەکانی دیکەی فەلسەفە (وەکوو لۆژیک، مەعریفەتناسی، مێتافیزیک و ڕەوشت) دەیانوت «فەلسەفەی ڕەوشتی» (بە ئینگلیزی: moral philosophy). ئەمڕۆکە «فەلسەفەی ڕەوشتی» کەم تا زۆر ھاوواتایە لەگەڵ ڕەوشتدا. لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٧ و سەرەتاکانی سەدەی ١٨دا، زانست و فەلسەفەی سروشتی ھێشتا بەتەواوی ھاوواتا نەبوون، بەڵام تەنیا تۆزێک دواتر، لەگەڵ بەکارھێنانی ڕاستەخۆی ئەو شتەی کە بە شێوەی فەرمی خەریکبوو وەکوو پێڕەوی زانستی ناوبانگی دەردەکرد، بوون بە ھاوواتا و ئاماژەپێکەری یەکتر. لە بەرامبەردا، لە سەدەی ١٧ھەمدا، وشەی science (= زانست) لە زمانی ئینگلیزیدا ھێشتا بۆ ئاماژەکردن بە چەمکی ئەرەستووییی زانین بەکاردەھێنرا کە ئەوەندەی پێویست پتەو و دڵتێرکەر بوو کە بتوانێت بۆ چۆنییەتیی جێبەجێکردنی ھەندێک شتان پێشنیارێکی باش بێت. لە ئەم واتا جیاوازەی دوو وشەکەدا بوو کە فەیلەسووف جۆن ڵۆک لە ١٦٩٠دا سووکایەتیھێنەرانە نووسی: «فەلسەفەی سروشتی [تۆژینەوەی سروشت] ناتوانێت لە زانستێکەوە بخولقێت».

لە سەرەتاکانی سەدەی ١٨ھەمدا، فەلسەفەی سروشتی گەرەکیبوو لە فەلسەفە جیاببێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرجاران واتایەکی زۆر بەرین و گشتگری لە خۆیدا ھەڵگرتبوو. لە زۆر بابەتاندا، واتای زانست خەریکبوو دەبوو بە زانینی جێی متمانە سەبارەت بە شتێک، کە ئەمڕۆکەش لە ھەندێک زاراوەی نوێدا (وەکوو زانستی سیاسی، زانستی کۆمپیوتەر) لە ئاوەھا واتایەکدا بەکاردەبرێت (پێشەکیی ئەم وتارە ببینە). سەبارەت بە واتا بەرتەسکترەکەی زانست، کە فەلسەفەی سروشتی دەبەسترایەوە بە کۆمەڵێک یاسای باش-پێناسەکراوەوە (بە یاساکانی گالیلەی، یاساکانی کێپلەر، و یاساکانی نیوتنەوە دەستپێکرا)، ئاماژەکردن پێی وەکوو زانستی سروشتی باوتر دەبوو. زێدەتر، لە درێژەی سەدەی نۆزدەھەمدا، خواستێکی پەرەگرتوو ھەبوو بۆ ھاوسەنگکردنی زانست لەگەڵ لێکۆڵینەوەی جیھانی سروشتی (واتە جیھانی نامرۆڤی) دا. ئەمە ھەندێجار لە کۆتاییی سەدەکە و سەرەتای سەدەی دواییدا لێکۆڵینەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگای (کە دواتر ناونرا زانستی کۆمەڵایەتی) دەخستە ناو بەرزەخێکی زمانناسییەوە.

لە درێژەی سەدەی ١٩، زۆرێک لە ئاخێوەرانی ئینگلیزی-زمان ھەر ڕۆژ زیاتر جیاوازییان دادەنا لەنێوان science (= زانست) و شێوەکانی تری زانینەوە. زاراوەی "پێڕەوی زانستی" تا ئەو کاتە بەکارنەدەھێنرا، بەڵام دوای ١٨٧٠ ئیتر داکەوتبوو، ھەرچەند کە بەدەگمەن پێکھاتێکی گشتی سەبارەت بە واتاکەی ھەبوو. وشەی "scientist" لە زمانی ئینگلزیدا (= زانستیار یان زانستمەند لە کوردیدا)یەکەمجار ساڵی ١٨٣٣ لەلایەن ویڵیام ھیووەڵەوە بەکارھێنرا. وتوبێژی زانستیاران وەکوو تاقمێک لە خەڵک کە کاریان زانستە، لە دوایین نیوەی سەدەی ١٩ھەمەوە گەشەی کرد. ئیتر خەڵک لە بەرتەسکترین ڕاستێنەدا، واتە بەکارھێنانی پێڕەوی زانستی و ئەو زانینەی کە لە گرتنەبەری پێڕەوی زانستییەوە بەدەستدێت و بەئاشکرایی لە دیکەی مەڵبەندەکانی تێکۆشانی مرۆڤ جیا دەکرێتەوە، وشەی زانست و زانستیار و زاراوەگەلی ھاوشێوەیان بەکاردەبرد.

لە سەدەی بیستەمدا، گرێی نێوان زانست و تەکنۆلۆژی توندتر بوو.

پێڕەوی زانستی

[دەستکاری]
دی ئێن ئەی پێکھاتەی زگماکیی ھەموو ژیانە ناسراوەکان دیاریدەکات.

میتۆدێکی زانستی دەگەڕێت بە دوای دۆزینەوەی ڕاڤە بۆ ڕووداوەکانی سروشت بە شێوەیەکی شیاوی لەبەرگرتنەوە و بەکارھێنانی ئەم لەبەرگرتنەوانە بۆ پێشبینیکردن. ئەمە لە ڕێگەی ڕوانین لە دیاردە سروشتییەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان دێتەدی.

پاش ڕوانین لە دیاردەکە، زانستمەندان مودێل دروست دەکەن. واتە تێدەکۆشن بە گوێرەی نواندنێکی بیرکارییانە یان فیزیکی یان لۆژیکی دیاردەکە وەسفبکەن. ھەر کە بەڵگە ئەزموونییەکان کۆکرانەوە زانستمەندان دەتوانن بۆ ڕاڤەی دیاردەکە گریمانە پێشنیار بکەن. پێویستە گریمانەکان تاقیبکرێنەوە و ھەرکات گریمانەیەک جێی ڕەزامەندی نەبوو دەستکاری دەکرێت یان یەکسەر بەدوادەدرێت. لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکاندا، لەوانەیە زانستمەندان یەکێک لە دەرھاتەکان (ئاکامی تاقیکردنەوەکان) بە باشتر بزانن و بیدەن بە سەر دەرھاتەکانی تردا؛ گرنگ ئەوەیە کە دڵنیا بن ئەم ھۆگرێتییە کارتێکەر نابێت لەسەر ئەو ڕاڤەیەی دەیانەوێت بۆ دیاردەکە پێشکەشی بکەن. لەبەرگرتنی میتۆدێکی زانستیی چڕ و سوورلەسەر، زۆر پێویستیی ھەیە بە تێکۆشین بۆ بە کەمکترین ئاست گەیاندنی کاریگەرییەکانی ھۆگرێتی و بەسەردادانی یەکێک لە دەرھاتەکان بەسەر ئەوانی تردا. ئەمە دەتوانرێت بە داڕشتنی دروستی تاقیکردنەوەکان و بە داوەریکردنی ئاکامی تاقیکردنەوەکان و ھەروەھا بە دەرەنجامگرتنەوە لە تۆژینەوەکان بێتەدی. پاش ئەوەی ئاکامی تاقیکردنەوەکان ڕاگەیێنران یان بڵاوکرانەوە، لێکۆڵەر و تۆژینەرە سەربەخۆکان بۆیان ھەیە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی کۆڵینەوەکە دووبارە بپشکنێنەوە و بۆ ئەوەی بزانن کە ئاکامە سەربەخۆکان لەوانەیە چۆن بن، تاقیکردنەوەی ھاوشێوە ئەنجامبدەن.کاتێک گریمانەیەک بەسەرکەوتوویی لە تاقیکارییەکان ھاتەدەرەوە، لەوانەیە پەسەندبکرێت کە ببێت بە چوارچێوەی بیردۆزێکی زانستی.

بیرکاری

[دەستکاری]

بیرکاری بۆ زانستەکان بنچینەیە. یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی بیرکاری لە زانستدا ئەو ڕۆڵەیە کە لە دەربڕین و ڤەگۆتنی مودێلە زانستییەکاندا دەیبینێت. چاودێری و کۆکردنەوەی پێوانەکان، ھەروەھا گریمانەکردن و پێشبینیکردن، زۆرجار پێویستیی بە بەکارھاوردنی بەربڵاوی بیرکاری ھەیە. بۆ نموونە، ژمێرە، جەبر، ئەندازەزانی، سێگۆشەزانی، و جیاکاری و تەواوکاری بۆ زانستی فیزیک بنچینەن. لە ڕاستیدا ھەموو لقەکانی بیرکاری شیاوی بەکارچوونن لە زانستدا تەنانەت ئەو لقانەی کە پێیان دەوترێت بیرکاریی پەتی وەکوو بیردۆزی ژمارەکان و تۆپۆلۆژی.

شێوازە ئامارییەکان کە ڕێکارگەلی بیرکارییانەی پوختەکردن و شیتەڵکردنی دراوەکانن، لە ھەڵسەنگاندن و دیاریکردنی ئاستی جێگەی متمانەبوون و سنووری جۆراوجۆریی ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا یاریدەری زانستمەندانن. شیکارییە ئامارییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە زانستە سروشتییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا.

کۆمەڵەی زانستی

[دەستکاری]

کۆمەڵەی زانستی پێکھاتووە لە سەرجەم دەستەی زانستمەندان، پێوەندییەکانیان و ھاوکاریییەکانیان. کۆمەڵەی زانستی دابەشدەبێت بە چەن بن-کۆمەڵەوە کە ھەر یەکیان خەریکی کارن لە گۆڕەپانێکی تایبەت لە زانستدا.

لقەکانی زانست

[دەستکاری]

لقەکانی زانست پۆلەکانی بە شێوەی بەربڵاو دانپێنراوی شارەزایی لە زانستدان کە ھەر کامەیان کۆمەڵە زاراوەکانی تایبەتیی خۆیان ھەیە. ھەر گۆڕەپانێک یان ھەر لقێک لە زانست لەلایەن ژمارەیەک گۆڤاری زانستییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت کە ئەنجامی کۆڵینەوەکان لەو لقە یان ئەو گۆڕەپانە بڵاودەکەنەوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ پێناسەی وشەی science (بە ئینگلیزی)
  2. ^ ئ ا ب پۆپەر، کارڵ. لۆژیکی کۆڵینەوە (بە ئاڵمانی: Logik der Forschung)یان لۆژیکی دۆزینەوەی زانستی (بە ئینگلیزی: The Logic of Scientific Discovery).
  3. ^ لە بیرکاریدا، بەپێچەوانەی زانستە ئەزموونییەکانەوە، سەلماندن لەڕێگەی ئەزموون و تاقیکارییەوە نییە.
  4. ^ ڕۆشنگەری لە ئەورووپادا - شۆڕشی زانستی (بە ئینگلیزی)

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]

ھەواڵە زانستییەکان

سەرچاوەکان